مستۆ دادار موکرید. عەبدوڵا جەمال سەگرمە

هاواری نیشتیمانThe Call of the Homeland

گۆرانییەکان

دیالۆگێکی موزیک لەنێوان میرات، بیرەوەری، نیشتیمان و خۆشەویستی بۆ کوردستان

د. عەبدوڵا جەمال سەگرمە

گۆرانییەکان

٢ سیدی · ٢٠ سرود و گۆرانی

سیدیی یەکەم

هاواری ئازادیThe Call of Freedom

١٠ سرودی نیشتیمانی

سیدیی دووەم

هاواری خۆشەویستیThe Call of Love

١٠ گۆرانیی سۆزداری

مستۆ دادار موکری و د. عەبدوڵا جەمال سەگرمە لە بەرزاییەک بەرامبەر ئاوابوونی خۆر

هاواری نیشتیمان

مستۆ دادار موکری و د. عەبدوڵا جەمال سەگرمە لە ستۆدیۆ

دەربارەی ئەلبومەکە

ئەم دوو سیدییە بەرهەمی دوو ساڵ سکۆر نوسینی ئۆرکێسترا و کاری بەردەوام، دڵسۆزی و خۆشەویستیی دکتۆر سەگرمەیە بۆ موزیک و نیشتیمان. سیدیی یەکەم دە سرودی نیشتیمانی و سیدیی دووەم دە گۆرانیی خۆشەویستی لەخۆدەگرێت. هەر بیست تراکەکە بە شێوازێکی ئۆرکێسترایی هاوچەرخ سەرلەنوێ ڕێکخراونەتەوە، پاشان لەگەڵ دەنگی سرودبێژی ناسراو مستۆ دادار تۆمارکراون و بەرهەمهێنراون.

ئامانجی ئەم ئەزموونە تەنیا نوێکردنەوە و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی سرود و گۆرانییە کوردییەکان نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوە و دامەزراندنی دیالۆگێکی موزیک لەنێوان میرات، بیرەوەری، نیشتیمان و خۆشەویستی بۆ کوردستان، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ڕەنگە ئۆرکێستراییەکان و هارمۆنی نوێ و تەکنیکەکانی موزیک‌دانانی هاوچەرخ.

ئەم پڕۆژەیە هەوڵێکی نوێیە بۆ زیندووکردنەوە، نوێکردنەوە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی موزیکی کوردی بە زمانێکی موزیکی هاوچەرخ؛ زمانێک کە بتوانێت لەگەڵ گەشەکردنی موزیک‌دانانی ئەمڕۆ و هەستی هونەری و پێداویستییە دەربڕینییەکانی نەوەی نوێی ئەمڕۆی کوردستان هاوتەریب بێت، بەبێ ئەوەی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بنەما و میراتی موزیکی کوردی داببڕێت.

هونەرمەندان

مستۆ دادار موکری

دەنگ

مستۆ دادار موکری

مستۆ دادار موکری سرودبێژێکی ناسراوی کوردە و دەنگێکی زوڵاڵی لە پێشکەشکردنی گۆرانی و سرودە نیشتیمانییە کوردییەکاندا هەیە. لە ماوەی چەند دەیەیەکی کار و چاڵاکیی هونەریدا، بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە کۆنسێرت و فێستیڤاڵ و پڕۆژەی موزیکی و کەلتوری لە کوردستان و لە ئەوروپا کردووە.

زیاتر بخوێنەوە

مستۆ دادار موکری لە ١ ی تشرینی دووەمی ١٩٦١ لە شاری سابڵاخ (مەهاباد) لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٧٦ بۆ یەکەم جار لەسەر شانۆ، لە ڕێگەی ئۆپێرێتی گوڵی خوێناوی، دەستی بە سروود چڕین و گۆرانیوتن کردووە. پاشان بە پێشکەشکردنی سرودە نیشتیمانی و گۆرانییە نەتەوەییەکان، بە ناوبانگی خۆی وەک سروود بێژ و گۆرانیبێژێکی بە توانا و لێهاتوو بەدەست هێناوە.

لە ساڵی ١٩٨١ بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک مامۆستا کاری کردووە و لە هەمان ماوەدا بەشداری چەندین فێستیڤاڵ و چالاکیی هونەری کردووە. لە ساڵی ١٩٨٣ەوە بە شێوەیەکی فراوانتر دەستی بە پێشکەشکردنی گۆرانییە سۆزدارییەکان کردووە کە ڕەنگ و هەستی نزیک بە شێوازی ئۆپێرایی تێدا بووە و ناسنامەی هونەریی خۆی زیاتر پەرەپێداوە.

لە ساڵی ١٩٨٤ بەشداری ژمارەیەک لە چالاکییە ئەدەبی و کەلتورییە کوردییەکان کردووە، لەگەڵ شاعیری ناوداری کورد هێمن موکریانی، لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا کرماشان. ئەم چالاکیانە بوونەتە بەشێک لە ئەزموونی هونەری و کەلتوریی ئەوکە لە ئەنجامدا پەیوەندیی نێوان گۆرانی و ئەدەبی کوردییان بەهێزتر کردووە.

لە ساڵی ١٩٨٧ ەوە مستۆ دادار لە هۆڵەندا دەژی و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بەشداریی بەرفراوانی لە کۆمەڵێک چالاکی و پڕۆژەی گرنگی کەلتوری و موزیکیدا کردووە. لەوانەش هەڵەبجەی شەهید، پڕۆژەی هاوپەژارەی جینۆسایدی گەلی ئەرمەن، بە ئۆرکێسترای ڕاستەخۆ، تا Jazz Octet ١٩٨٩ لەگەڵ پیانیستی ناسراوی هۆڵەندی Kees Post، چالاکییەکانی کۆنسێرڤاتۆری شاری Groningen لە باکووری هۆڵەندا، هەروەها پڕۆژەکانی کۆڵانێ ئاو پڕژین دەکەم و ئۆرکێسترای کۆڕاڵ لەگەڵ موزیکدانەر و گیتارژەنی هۆڵەندی Bert Heikema. لەگەڵ ئەمانەشدا، لە پڕۆژە و چالاکییە هونەرییەکانی پەیوەندیدار بە Diaspora ی کۆچبەران،بە تایبەت کورد.

لە ساڵی ١٩٩١ چالاکی بەرچاوی هەبوە لە گەڵ هونەرمەندانی هۆڵەندی بۆ یارمەتی کۆکردنەوە بۆ کۆڕەوەکەی باشووری کوردستان. لە ساڵی ١٩٩٣ دا بەشداری بەرهەمێکی درامایی کردووە کە بابەتی پەیوەندیدار بە دۆخی پەککەوتەکانی جەنگ و تاوانەکانی نازییەکان لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی بووە. هەروەها لە چەندین فێستیڤاڵ و چالاکیی موزیکیی دیکە لە هۆڵەندا بەشداری کردووە و لەگەڵ موزیکدانەرانی وەک Bert Heikema و Jan Schoenmaker کاری موزیکی هاوبەشی ئەنجام داوە.

لە ساڵی ٢٠٠٥، مستۆ دادار بە هاوبەشی مامۆستایان شێرکۆ محەمەد ساڵح و ئاکۆ عەزیز عینایەت، سیدییەک بە ناوی ژن Woman" " لە گۆرانی و سرودە نیشتیمانییەکانی بەرهەم هێناوە. ئەم بەرهەمەش بەشێک بووە لە هەوڵەکانی، بۆ پاراستن و پەرەپێدانی گۆرانی و سرودی کوردی و بۆ گەیاندنی ئەو سامانە بە نەوەکانی داهاتوو.

لە ئێستادا، مستۆ دادار موکری لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا، بە پشتبەستن بە ئەزموونی دەوڵەمەندی ساڵانێک لە بواری گۆرانیوتن و چاڵاکیی کەلتوری، هەروا بە توانا و هەستی تایبەتی خۆی لە پێشکەشکردنی سرودی نیشتیمانیی و گۆرانی کوردی بەردەوامە. دەنگی تایبەت، شێوازی دەربڕین و ئەزموونی فراوانی ئەو، بەشێک لە بیرەوەری و بەردەوامیی گۆرانیی دوێنێ و ئەوڕۆ وسبەینێی کوردیی هاوچەرخ پێکدەهێنێت.

د. عەبدوڵا جەمال سەگرمە

موزیک‌دانان، ڕێکخستن و بەرهەمهێنان

د. عەبدوڵا جەمال سەگرمە

عەبدوڵا جەمال سەگرمە موزیک‌دانەر، توێژەر و مامۆستای موزیکە لە بەشی موزیک لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی. زیاتر لە دوو دەیەیە بە شێوەیەکی بەردەوام لە بوارەکانی: فێرکردنی موزیک، موزیک‌دانان و پەروەردە و پەرەپێدانی نەوەیەکی نوێی ژەنیاران و موزیک دانەران چالاکە.

زیاتر بخوێنەوە

سەگرمە لە ساڵی ٢٠١٢ دکتۆرای لە موزیک‌دانانی هاوچەرخ لە زانکۆی کوین لە بێلفاست (Queen’s University Belfast) لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بەدەستهێناوە. کارە هونەری و ئەکادیمییەکانی، بە تایبەتی، لەسەر پەیوەندیی نێوان میراتی موزیکی کوردی و موزیکی هاوچەرخی ئەورووپی چڕدەبنەوە. لە بەرهەمە موزیکییەکانیدا، هەوڵ دەدات خاڵە هاوبەشەکان و پەیوەندییەکانی نێوان ڕەنگ، مۆد، تایبەتمەندییەکانی موزیکی کوردی لەگەڵ بیرکردنەوە و زمان و تەکنیکەکانی موزیک‌دانانی هاوچەرخی ئەورووپی بدۆزێتەوە.

دکتۆر سەگرمە لە کارە موزیکی و پەروەردەییەکاندا، لە گەڕان بەدوای زمانێکی هونەری تایبەت بەردەوامە؛ زمانێک کە بتوانێت دەنگی نیشتیمان و بیرەوەرییە کەلتوورییەکانی کوردستان لەگەڵ توانای دەربڕینی موزیکی هاوچەرخی ئەمڕۆ پێکەوە بگونجێنێت.

ئەم ئەلبومەش بەشێکە لەو گەڕانە هونەرییە بەردەوامە. پڕۆژەیەکە کە لە ماوەی دوو ساڵدا بە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ موزیک، میرات و نیشتیمان دروست و بەرهەم هاتووە؛ هەوڵێک بۆ ئەوەی دەنگی موزیکی کوردی لەگەڵ زمان و تواناکانی موزیکی هاوچەرخدا گفتوگۆ بکات و بە شێوەیەکی نوێ بگاتە گوێی نەوەی ئەمڕۆ و داهاتوو.